لەسەر چارەنووسی دوو هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی کورد بە ناوەکانی موراد ڕەسوول تاجگەردوون و محەممەد چووکەل کە چەند ڕۆژێک لەمەوپێش لە شارەکانی نەغەدە و ورمێ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون، تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی شەممە ٧ی گەلاوێژ (٢٩ی جولای) هاووڵاتییەکی ٢٦ ساڵانی خەڵکی نەغەدە بە ناوی موراد ڕەسوول تاجگەردوون بەبێ مۆڵەتی یاسایی لەم شارەدا دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٨ی گەلاوێژ (٣٠ی جولای) محەممەد چووکەل، هونەرمەند و بەرپرسی گەلەریی چووکەل لە ورمێ، لە ماڵەکەی خۆیدا و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراوە. ئەم هونەرمەندە خەڵکی گوندی «داش دوورگە»ی نەغەدە و دانیشتووی ورمێیە.

لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییانە تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.