هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی تاهیر زێوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پیرانشار دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٢ی جۆزەردان (٢٢ی مەی) هێزە ئەمنییەکان بەبێ مۆڵەتی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتیە لە پیرانشار و دەستبەسەریان کردووە.

تا ئێستە لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

ڕۆژی ڕابردوو هاوکات دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی پیرانشاریش بە ناوەکانی سەلاح سوڵتانی و ئەمیر فەقێ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون.