ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی جۆزەردان (٣٠ی مەی) هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی تیکاب بە ناوی هەتاو ئەکرەمی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە گوندی «یەنگیجە»ی بۆكان دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم هاووڵاتییە کوردە لەم ساڵانەی دواییدا نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بووە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە مەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی زەماوەندی منداڵەکەیدا گەڕابوویەوە بۆ بۆکان.
هەتاو ئەکرەمی بەبێ مۆڵەتی یاسایی و بە شێوەیەکی توندوتیژ دەستبەسەر کراوە و هێزە ئەمنییەکان هاوکات ماڵەکەیشیان پشکنیوە.
تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگیران و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.