ماردین دێهقانی، لاوی کوردی ١٨ ساڵانی خەڵکی مەریوان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٣ (٧ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە شاری مەریوان و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کردووە.

هێزە ئەمنییەکان هاوکات ماڵەکەیشیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر مۆبایلەکانی دایک و براکەیدا گرتووە.

تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک بەردست نەکەوتووە.

لە سەروبەندی دووەم ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، لە یەک حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ١٥ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی مەهاباد، شنۆ، پیرانشار، دیواندەرە و مەریوان لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی شارەکانی ورمێ و سنە.