لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی چالاکان و هاووڵاتیانی کورد لە سەروبەندی دووەم ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، مزەفەر دارایی، هاووڵاتیی خەڵکی دیواندەرە و ڕاشد ئەدوایی، هاووڵاتیی خەڵکی سەوڵاوا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنی نادیار.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٣ (٨ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مزەفەر دارایی لە شاری دیواندەرە و ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە.
هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەرمانانی ١٤٠٣ (٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) ڕاشد ئەدوایی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «سلێن»ی سەوڵاوا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ مۆڵەتی یاسایی و لە ماڵەکەی خۆی لەم گوندەدا دەستبەسەر کراوە.
تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە هیچ زانیارییەک بەردست نەکەوتووە.
لە سەروبەندی دووەم ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، لە یەک حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ١٧ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی مەهاباد، شنۆ، پیرانشار، دیواندەرە، مەریوان و سەوڵاوا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئەم دوو دەزگا ئەمنییە.