موحسین ئیسفەندیاری‌تەبار و لوتفوڵڵا پەرویز، چالاکانی مەدەنیی خەڵکی گیەڵانی کرماشان، دوای چەندین حەفتە دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٣ (٨ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) موحسین ئیسفەندیاری‌تەبار بە بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و لوتفوڵڵا پەرویز بە بارمتەی دوو میلیارد تمەنی ئازاد کراون. ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی ٨ی خەرمانان (٢٩ی ئاگۆست) لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی کرماشانەوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاگاهیی ئەم شارە کرابوون.

ئەم دوو چالاکە مەدەنییە کوردە کە پێشتر لە لایەن لقی ١٦ی لێپرسینەوەی دادسەرای کرماشانەوە بە سەرۆکایەتیی ئارش بەهمەنی تۆمەتی «تێکدانی ڕای گشتی»یان ڕووبەڕوو کرابووەوە، لە کاتی دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و پۆلیسی ئاگاهیی کرماشاندا، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لەسەر بەڕێوەبردنی دوو لاپەڕەی تێلێگرام و ئینستاگرام، خرابوونە ژێر گوشارەوە و لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیرابوون.

موحسین ئیسفەندیاری‌تەبار، ٣٨ ساڵان و عەقید (سەرهەنگ)ی دووەمی هێزی دەریایی ئەرتەش، ڕۆژی ٨ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٢٩ی جولای) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە تاران دەستبەسەر کرا و چەند کاتژمێرێک دواتر لە ڕێی تەلەفۆنەوە هاوسەرەکەی ئاگادار کردەوە کە گوازراوەتەوە بۆ کرماشان. ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتریش لە پێوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمی گەورەی نەورۆزی ئەمساڵی گیەڵاندا بانگهێشتی بەردەم دامودەزگا ئەمنییەکان کرابوو و کەوتبووە بەر هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکانەوە.

لوتفوڵڵا پەرویز، ٤٨ ساڵان و مامۆستای پەروەردە و فێرکاری، ڕۆژی ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (١٣ی ئاگۆست) لەگەڵ ماریا خانی، جەهانگیر ئازادی، حەمیدڕەزا ڕەحیمیان، سەلمان پەرهان و موستەفا ڕوستەمیدا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە گیەڵان دەستبەسەر کرا. ئارش ئولفەتی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی گیەڵان و دانیشتووی هەمەدانیش لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژدا (١٥ی ئاگۆست) لە هەمەدان دەستبەسەر کرا.

ئەم دوو هاووڵاتییە پێشتر لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی گیەڵاندا بە ناوەکانی ئارش ئولفەتی، ماریا خانی، جەهانگیر ئازادی، حەمیدڕەزا ڕەحیمیان، موستەفا ڕوستەمی و سەلمان پەرهان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون.

ئارش ئولفەتی، ماریا خانی، جەهانگیر ئازادی، حەمیدڕەزا ڕەحیمیان و موستەفا ڕوستەمی لە ڕۆژانی ٥ و ٦ی خەرماناندا (٢٦ و ٢٧ی ئاگۆست) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران. هەروەها سەلمان پەرهان، چالاکی مەدەنیی خاوەن پێداویستیی تایبەت، سێ ڕۆژ دوای دەستبەسەرکران بە هۆی دۆخی تەندروستیی خراپ و نەبوونی توانای مانەوە لە زینداندا، لە رێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژدا (١٦ی ئاگۆست) ئازاد کرا.