پشکۆ (عەلی) ڕۆحی، چالاکی ژینگەپارێز و لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا، ڕۆژی شەممە ٥ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (٢٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستبەسەر کرا و لەو کاتەوە لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم چالاکە ژینگەپارێزە کە لە ڕێی تەلەفۆنەوە بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان بانگهێشت کرابوو، دوای ئەوەی سەردانی ئەم ناوەندە ئەمنییەی کردووە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی و سەردانکردنی دامودەزگا ئەمنییەکان و دادگای ئەم شارە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ئەم هاووڵاتییە بەردەست نەکەوتووە.