ئازاد عەباسی، مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی دێولان و بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی «نۆژین»، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٢ ساڵ بەندکران دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ زیندانی قوروە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتر بە شێوەی غیابی لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی دووی دێولانەوە بە تۆمەتەکانی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» سزای ٥ ساڵ بەندکران، «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر» سزای ٢ ساڵ بەندکران و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

دوای پێشکەشکردنی داوای تێهەڵچوونەوە، دادگاکە ئەستۆپاکیی لە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» ڕاگەیاند، بەڵام بە گشتی سزای ٣ ساڵ بەندکرانی دیسان دەسان بەسەردا سەپاندەوە. بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، گەورەترین سزاکە واتە ٢ ساڵ بەندکران دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئازاد عەباسی لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بە هۆی چالاکییە مەدەنییەکانیەوە لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کراوە. لە دواحاڵەتدا، ڕۆژی ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٢ (١٨ی سێپتامبەری ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە دێولان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، پاش چەند ڕۆژێکیش گواستیانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی سنە و دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.