بڕیاری دەستبەسەربوونی فەردین (ئاکۆ) شێخولئیسلامی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە کە ڕۆژی ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرابوو، بۆ ماوەی مانگێکی تر درێژ کرایەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، فەردین شێخولئیسلامی لەگەڵ فەریبا مورادیانی هاوسەریدا ڕۆژی ١١ی ڕەزبەر (٢ی ئۆکتۆبەر) بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی.

فەریبا مورادیان دوای دوو ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا بەڵام تا ئێستا لەسەر چارەنووسی هاوسەرەکەی هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

دەوترێت لە ڕۆژانی ڕابردوودا بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی ئەم چالاکە مەدەنییە بۆ ماوەی مانگێکی تر درێژ کراوەتەوە. فەردین شێخولئیسلامی لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کراوە.

تا ئێستا لەسەر لایەنی دەستبەسەرکەر، شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە. فەردین شێخولئیسلامی پێشتریش لە ساڵی ١٣٩٧دا (٢٠١٨) بە هۆی چالاکییەکانیەوە لە بواری ژینگەپارێزیدا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو.