هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر گوندی «دێوەزناو»ی سەوڵاوا و بە شێوەیەکی توندوتیژ چوار هاووڵاتیی کوردیان بە ناوەکانی سینا ئەسەدی حەکیم، حەمید ساڵحینژاد، محەممەد کەریمی و جەعفەر ئەردەڵان دەستبەسەر کردووە کە یەکیان منداڵە.
هاووڵاتییەکی دانیشتووی ئەم گوندە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٥ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (٥ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) بە دەیان ئەندامی هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات هێرشیان کردووەتە سەر گوندی «دێوەزناو»ی سەوڵاوا و جەعفەر ئەردەڵانی ٤٠ ساڵان، محەممەد کەریمیی ٣١ ساڵان، حەمید ساڵحینژادی ٢٧ ساڵان و سینا ئەسەدی حەکیمی ١٥ ساڵانیان دەستبەسەر کردووە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هەموو ئەم هاووڵاتیانە بەبێ مۆڵەتی یاسایی و لەوپەڕی توندوتیژیدا دەستبەسەر کراون.
تا ئێستا لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیران و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.