دوای تێپەڕینی دە ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی هاوڕێ قوە و عەبدوڵلا هووشمەند، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان بەردەست نەکەوتووە. پێشتر ماڵپەڕە دەوڵەتییەکانی ئێران گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئۆتۆمبیلێکیان بڵاو کردبووەوە و بەبێ ئاماژەدان بە ناوی ئەم دوو هاووڵاتییە ڕایانگەیاندبوو کە لە چالاکییەکی هاوبەشی وەزارەتی ئیتلاعات و قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدای سوپای پاسداراندا، ئەندامێکی پژاک کوژراوە و دوو کەسی دیکە دەستبەسەر کراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم دوو هاووڵاتییە ڕۆژی ٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (٢٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە جادەی مەهاباد بۆ پیرانشار لە ئۆتۆمبیلێکی پرایددا لە لایەن هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدای سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.

تەلەڤیزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی ٩ی گەڵاڕێزان (٣٠ی ئۆکتۆبەر) گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە لە چالاکییەکی ئاڵۆزی هەواڵگریدا کە بە پشتیوانیی کرداریی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدای سوپای پاسداران ئەنجام دراوە، ئەندامێکی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورد کوژراوە و دوو ئەندامی دیکەیان دەستبەسەر کراون.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستانیش (پژاک) ڕۆژی ١٣ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (٣ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئەندامێکی ئەم پارتە بە ناوی مەولان ڕوستەمی، خەڵکی سەردەشت، لە هەمان ئەو ڕۆژەدا کوژراوە.

دەوترێ ئەم دوو هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە تا ئێستا لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەشن. هەروەها سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بۆ وەرگرتنی هەواڵێک لەسەر چارەنووسیان، دامودەزگا ئەمنییەکانی مەهاباد و ورمێ ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەسەر بارودۆخی ئەم هاووڵاتیانە بە بنەماڵەکانیان بدەن.