دوای تێپەڕینی ١٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی چوار هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «دێوەزناو»ی سەوڵاوا، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی سینا ئەسەدی حەکیم، حەمید ساڵحینژاد، محەممەد کەریمی و جەعفەر ئەردەڵان بەردەست نەکەوتووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم چوار هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکران گوزاراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و تا ئێستا لە مافی دیدار و پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەشن.
بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٥ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (٥ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) بە دەیان ئەندامی هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات هێرشیان کردە سەر گوندی «دێوەزناو»ی سەوڵاوا و بەبێ مۆڵەتی یاسایی جەعفەر ئەردەڵانی ٤٠ ساڵان، محەممەد کەریمیی ٣١ ساڵان، حەمید ساڵحینژادی ٢٧ ساڵان و سینا ئەسەدی حەکیمی ١٥ ساڵانیان دەستبەسەر کرد.
دەوترێت بە درێژایی یەک ساڵی ڕابردوو دامودەزگا ئەمنییەکان گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی منداڵی ١٥ ساڵان سینا ئەسەدی حەکیم و لەبەر ئەوەی دوو خوشکی ئەندامی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردن، داوایان لێ کردوون گوندی «دێوەزناو» بەجێ بێڵن.
تا ئێستا لەسەر بارودۆخ و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.