دوای تێپەڕینی ٥ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی سەیران خەسرەوی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (١٩ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە لە شاری سنە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کردووە.

سەیران خەسرەوی لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کراوە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، تا ئێستا دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر چارەنووس و بارودۆخی ئەم چالاکە مەدەنییە بە بنەماڵەکەی نەداوە.