هیوا بەهین، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (٢٤ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم هاووڵاتییە کوردە دوای بانگهێشتکران بۆ دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی بۆکان دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە لە شاری ورمێ.
سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، تا ئێستا دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە بەو بنەماڵەیە نەداوە.
هیوا بەهین تەنها یەک جار لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا ڕاگەیاندووە کە گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەیەک لە ورمێ و بنەماڵەکەی تا ئێستا نەیانتوانیوە دیداری لەگەڵدا بکەن.