لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەمیر محەممەدخانی و بێهزاد دادخا، دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەقز و دیواندەرە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەمیر محەممەدخانی، چالاکی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی دیواندەرە، ڕۆژی چوارشەممە ٧ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (٢٧ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە شوێنی کارەکەی لەم شارەدا دەستبەسەر کرا.

ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتریش لە ساڵانی ١٣٩٧ و ١٣٩٨دا (٢٠١٨ و ٢٠١٩) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کرابوو.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (٢٥ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) بێهزاد دادخا، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەم دوو هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کراون. هەروەها سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان، تا ئێستا دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر بارودۆخی ئەم هاووڵاتیانە بە بنەماڵەکانیان نەداوە.