هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری بۆکان هێرشیان کردە سەر ماڵی عەبدوڵڵا قولیزادە و دوای پشکنینی ماڵەکەی، خۆی و هێمن قولیزادەی کوڕیان بە توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرد.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، نیوەڕۆی شەممە ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (٣٠ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بەبێ مۆڵەتی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی عەبدوڵڵا قولیزادە لە شاری بۆکان و دوای پشکنینی ماڵەکە و دەستگرتن بەسەر هەندێ کەلوپەلی کەسیی بنەماڵەکەدا، بە توندوتیژی و لێدانەوە خۆی و هێمن قولیزادەی کوڕیان دەستبەسەر کرد.
دەوترێت ئەم دوو هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکردن گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە سەربازگەی ئەلمێهدیی ورمێ.
یەک لە کوڕانی ئەم بنەماڵەیە بە ناوی ڕێبوار قولیزادە کە چەندین ساڵ ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بوو، پووشپەڕی ١٣٩٩ (ژوەنی ٢٠٢٠) بە هۆی بۆردومانکردنی ئۆتۆمبێلەکەی لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە لە هەرێمی کوردستان گیانی بەخت کرد.