لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چوار هاووڵاتی و مامۆستای کوردی خەڵکی شارەکانی سەقز، بۆکان و کامێران بە ناوەکانی حسەین فیرووزی، هیوا فەیزی، سۆران یووسفی و حەمید عەزیزی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (٤ی دیسامبەری ٢٠٢٤) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان بە ناوی سۆران یووسفی و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کردووە.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (٣ی دیسامبەری ٢٠٢٤) حەمید عەزیزی، دەرچووی بەشی پێوەندییەکان و ڕاگەیاندنی زانکۆی عەللامە تەباتەبایی تاران و مامۆستای گوندەکانی «پاڵنگان» و «گازرخانی»ی کامێران، دوای بانگهێشتکران بۆ بەشی پاراستنی ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریی ئەم شارە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

لە درێژەی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی کورددا، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (٢ی دیسامبەری ٢٠٢٤) حسەین فیرووزی و هیوا فەیزی، هاووڵاتیانی خەڵکی گوندی «مەولاناوا»ی سەقز، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار. هیوا فەیزی لە کاتی ڕۆیشتندا بۆ سەقز و حسەین فیرووزییش لە ماڵەکەی خۆی لەم گوندەدا بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراون.

تا ئێستا لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتیانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ڕابردوودا (گەڵاڕێزانی ١٤٠٣، ئۆکتۆبەر و نۆڤامبەری ٢٠٢٤) لانیکەم ٢٢ هاووڵاتی و چالاکی ژینگەپارێز، مەدەنی، ژنان، فەرهەنگی و کرێکاریی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و تاران بە هۆکاری سیاسی لە لایەن دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر کراون.