ئومید حامیدی، مامۆستای کوردی خەڵکی کامێران، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی شەممە ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (٧ی دیسامبەری ٢٠٢٤) ئومید حامیدی، مامۆستای قوتابخانەی دواناوەندیی شاهیدی کامێران، بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شوێنی کارەکەیدا دەستبەسەر کراوە.

هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەرکردنی ئومید حامیدی و گواستنەوەی بۆ ماڵەکەی، ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان گرتووە بەسەر هەندێ کەلوپەلی کەسیی ناو ماڵەکەدا.

ئەم مامۆستایە تا ئێستا لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر بارودۆخی ئەم هاووڵاتییە بە بنەماڵەکەی نەداوە.

لە چەند حەفتەی ڕابردوودا ٣ مامۆستای کوردی دیکە بە ناوەکانی ئازاد خادم، عەبدوڵڵا کەریم گوڵان و حەمید عەزیزی لە شارەکانی سەقز و کامێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری سنە.