لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورد لە مەهاباد و دەوروبەری، چوار هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی ئەیوب ڕەسوولی، ڕێبوار ڕەسوولی، ڕەحمان دانا و شوانه جیهانیفەر لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەری ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری ورمێ.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ١١ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شاری مەهاباد و و گوندی «بەیروم» لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (١٥ی دیسامبەری ٢٠٢٤) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری مەهاباد بەبێ مۆڵەتی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکانی چوار هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە بە ناوەکانی ئەیوب ڕەسوولی، ڕێبوار ڕەسوولی، ڕەحمان دانا و شوانه جیهانیفەر و هەر چوارەکەیان دەستبەسەر کردوون.

پێشتر و لە شەوی شەممە ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٣دا (١٤ی دیسامبەری ٢٠٢٤) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە گوندی «بەیروم» هەڵیانکوتابووە سەر ماڵەکانی ٤ هاووڵاتی و چالاکی کورد بە ناوەکانی سیامەند سەیدئەحمەدی، زانیار سەیدئەحمەدی، ئارام مەبزووله و یووسف قاڵ و بەبێ مۆڵەتی یاسایی هەموو ئەم هاووڵاتیانەیان دەستبەسەر کردبوو. لەم نێوانەدا تەنها سیامەند سەیدئەحمەدی دوای چەند کاتژمێرێک دەستبەسەربوون ئازاد کرا.

ئەم هێزانە هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەزیش (١٥ی دیسامبەری ٢٠٢٤) هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکانی قادر خەرامانفەر، کەمال مەسعوودی و جەلال سەدەفی لە شاری مەهاباد و دوای پشکنینی ماڵەکان و دەستگرتن بەسەر هەندێ کەلوپەلی کەسیی بنەماڵەکانیاندا، ئەم سێ هاووڵاتییەیشیان دەستبەسەر کرد.

دەوترێت ئەم هاووڵاتیانە دوای دەستبەسەرکران ڕەوانەی دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات لە ورمێ کراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ئەم هاووڵاتیانە لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زیاتر دەر کەوت کە هەرهەموویان لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.

تا ئەم ساتە لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی ئەم هاووڵاتیانە کراوەتەوە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە. هەروەها سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر چارەنووسیان، دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر بارودۆخی ئەم هاووڵاتیانە بە بنەماڵەکانیان نەداوە.