لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورد لە مەهاباد، سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی نازەنین ئەلیاسی، فەرهاد قوە و سالار شەمسبورهان لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری ورمێ.
لە ڕۆژی شەممە ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٣وە (١٤ی دیسامبەری ٢٠٢٤) لانیکەم ١٤ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شاری مەهاباد و گوندەکانی «بەیروم» و «کۆڵیجە» لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (١٦ی دیسامبەری ٢٠٢٤) نازەنین ئەلیاسی، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، دوای بانگهێشتکردنی تەلەفۆنی بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەر کراوە.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (١٥ی دیسامبەری ٢٠٢٤) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە گەندی «کۆڵیجە»ی مەهاباد هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکانی ٢ هاووڵاتی بە ناوەکانی سالار شەمسبورهان و فەرهاد قوە و هەردووکیان دەستبەسەر کردوون.
تا ئەم ساتە لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی ئەم هاووڵاتیانە کراوەتەوە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە. هەروەها سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر چارەنووسیان، دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر بارودۆخی ئەم هاووڵاتیانە بە بنەماڵەکانیان نەداوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە لە شاری مەهاباد و دەوروبەری لانیکەم ١١ هاووڵاتی و چالاکی کورد بە ناوکانی ئەیوب ڕەسوولی، ڕێبوار ڕەسوولی، ڕەحمان دانا، شوانه جیهانیفەر، سیامەند سەیدئەحمەدی، زانیار سەیدئەحمەدی، ئارام مەبزووله، یووسف قاڵ، قادر خەرامانفەر، کەمال مەسعوودی و جەلال سەدەفی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون. یەک لەم هاووڵاتیانە، سیامەند سەیدئەحمەدی، دوای چەند کاتژمێرێک دەستبەسەربوون ئازاد کراوە بەڵام ئەوانی دیکە تا ئێستایش لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ دەستبەسەرن.