فەرید عینایەتی، لە دەستبەسەرکراوانی پێشووی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان. ئازادی» کە ڕۆژی ٢٤ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (١٤ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە کرماشان دەستبەسەر کرا، ئێستە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات، ناسراو بە دەستبەسەرگەی مەیدانی نەفت، لە سی و پێنجەم ڕۆژی مانگرتن لە خواردندایە. هاوکات لەگەڵ ئەمەدا، بێبەشکردنی بەردەوامی لە مافی پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بووەتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە ئاست دۆخی تەندروستیی ئەم زیندانییە سیاسییەدا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئێوارەی ڕۆژی ٢٤ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (١٤ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەم چالاکە کوردە لە شاری کرماشان و بەبێ مۆڵەتی یاسایی خۆی و برایەکی بە ناوی حەمید عینایەتی کە سەرۆکی لیژنەی شاخەوانیی پاوەیە، لە لایەن ئەم هێزانەوە دەستبەسەر کران.
دوای گواستنەوەی ئەم دوو هاووڵاتییە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان، فەرید عینایەتی وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر دەستبەسەرکردنی خۆیدا مانی لە خواردن گرتووە و ئامادە نەبووە هیچ قسەیەک لەگەڵ لێپرسەوەکاندا بکات. فەرید عینایەتی تا ئێستایش درێژەی بە مانگرتن و بێدەنگییەکەی داوە.
حەمید عینایەتی دوای ٢٥ ڕۆژ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان ئازاد کرا، بەڵام فەرید عینایەتی تا ئێستایش بەبێ ئەوەی مافی پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەری پێ بدرێت هەر لە دەستبەسەرگەی مەیدانی نەفتدا ڕاگیراوە. سەرەڕای سەردانکردن و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی بۆ لای بەرپرسە دادوەرییەکان و ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان، کاربەدەستانی پێوەندیدار تەنها مانگرتن و بێدەنگیی ئەم هاووڵاتییەیان پشتڕاست کردووەتەوە و ئامادە نەبوون لەسەر بارودۆخی هەنووکەی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی دیکەیان پێ بدەن.
فەرید عینایەتی، چالاکی کوردی خەڵکی پاوە و دانیشتووی کرماشان، پێشتر لە ڕەوتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان. ئازادی» و لە ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانانی ١٤٠١دا (٢٢ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە شەقامێکی کرماشان دەستبەسەر کرا. ئەم چالاکە کوردە بۆ ماوەی ٣ مانگ لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە سەربازگەی نەبیی ئەکرەمی کرماشان بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرایە بەر گوشار و لێپرسینەوەی قورسەوە. فەرید عینایەتی ئەو کاتیش بۆ ماوەی ٤١ ڕۆژ وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر بەردەوامبوونی مانەوەی لە دۆخی دەستبەسەریدا مانی لە خواردن گرتبوو و دواجار پاش ١٠٥ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان ئازاد کرابوو.