یەزدان قەنبەری، هاووڵاتیی کوردی یارسان، دوای دوو مانگ دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی نەبیی ئەکرەمی کرماشان گوازرایەوە بۆ زیندانی دیزڵئاوای ئەم شارە. هەروەها مەنسوور قەنبەریی برای و خزمێکی دیکەیان بە ناوی جەمشید حەقانی کە نزیکەی مانگێک لەمەوپێش لە سەلاسی باوەجانی لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوون، تا ئێستایش هەر لە دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییەدا لە کرماشان ڕاگیراون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا یەزدان قەنبەری کە ڕۆژی ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی «کڕناچی»ی کرماشان دەستبەسەر کرابوو، دوای دوو مانگ دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کرماشاندا ڕەوانەی زیندانی دیزڵئاوا کراوە.
دەوترێت ئەم هاووڵاتییە بە درێژایی ئەو ماوەیە خراوەتە بەر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە تاکوو ددان بە هەندێ تۆمەتی وەک بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» و هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکاندا بنێت. ئەشکەنجەکان هێندە قورس بوون کە ئاسەوارەکانی تا ئێستایش لەسەر لەشی ماوەتەوە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانەیش دادسەرای گشتی و شۆڕشی کرماشان بەبێ هیچ لێکۆڵینەوەیەک بۆ ئەم بابەتە سزانامەیەکی بۆ دەر کردووە و تۆمەتی «فریودان و هاندانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتن بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات و کوشتنی خەڵک»ی ڕووبەڕوو کردووەتەوە و دۆسیەکەی ناردووەتە بەردەم یەکێک لە لقەکانی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارە.
هەروەها مەنسوور قەنبەری و جەمشید حەقانی، خەڵکی گوندی «مەرزەڵان»ی سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی، کە سەرەتای سەرماوەزی ئەمساڵ (کۆتایی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) لە بازگەی پشکنینی ئەم شارەدا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوون، تا ئێستایش هەر لە دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە لە کرماشاندان. ئەم دوو هاووڵاتییە مافی پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەریان پێ نەدراوە و لە دۆخێکی هەڵپەسێردراو و نادیاردا ڕاگیراون.