دوای تێپەڕینی حەوت ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی حەوت هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی کوردی خەڵکی سەرپێڵی زەهاوی کرماشان بە ناوەکانی کۆمار ساڵحی، پەیمان ڕەنجبەر، هێمن پاڵانی، خالید کەمەری، ئومید ساڵحی، ئەیمەن سەفایی و عیرفان مورادی، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان بەردەست نەکەوتووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (١٥ی دیسامبەری ٢٠٢٤) هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بە شێوەی هاوکات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکانی ئەم حەوت کەسە لە شاری سەرپێڵی زەهاو و بەبێ مۆڵەتی یاسایی هەرهەموویان دەستبەسەر کردوون. لە نێو ئەم دەستبەسەرکراوانەدا ئومید ساڵحی تەمەنی ١٧ ساڵە و تەمەنی ئەوانی دیکە لە نێوان ٢١ بۆ ٢٧ ساڵدایە.
سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان، تا ئێستا بەرپرسانی ئەمنی و دادوەریی پێوەندیدار ئامادە نەبوون لەسەر بارودۆخی هەنووکەیان هیچ ڕوونکردنەوەیەک بەو بنەماڵانە بدەن.
دەوترێت ئەم حەوت هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکران گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کرماشان و تا ئێستا لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش بوون.