دوازدە هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی موراد عەبدوڵڵاعومەری، نوورەدین مەلاعەلیزاده، تۆفیق ئەمینی، محەممەد بێهرووزی، ئیبراهیم گوڵعەنبەر، بێهزاد مەحموودی، سۆران محەممەدپوور، مووسا ڕەسوولی، ئارام محەممەدی، ئەفشین ساعیدی، هێمن بەهرامی، سۆران ئەرشەد و کاوه ئوستوار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی بۆکان، شنۆ، پیرانشار و کرماشان دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات لە شارەکانی ورمێ و کرماشان.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٧ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٢٧ی دیسامبەری ٢٠٢٤) سۆران محەممەدپوور، خەڵکی پیرانشار، مووسا ڕەسوولی، خەڵکی گوندی «خورەنج» و بێهزاد محەممەدی و ئارام محەممەدی، خەڵکی گوندی «پسوێ»ی پیرانشار، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری ورمێ.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٢٦ی دیسامبەری ٢٠٢٤) سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «هەق»ی شنۆ بە ناوەکانی موراد عەبدوڵڵاعومەری، نوورەدین مەلاعەلیزاده و تۆفیق ئەمینی و هاووڵاتییەکی خەڵکی «میراوێ»ی شنۆ بە ناوی محەممەد بێهرووزی لە لایەن هێزەلانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە لە ورمێ.
ئیبراهیم گوڵعەنبەر، برای ئیسماعیل گوڵعەنبەر لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە جوانڕۆ، ڕۆژی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٢٥ی دیسامبەری ٢٠٢٤) لە کاتی گەڕانەوە لە تاران لە نزیک شاری بێستوونی کرماشان لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی مەیدانی نەفت لە کرماشان.
هەروەها ڕۆژی سێشەممە ٤ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٢٤ی دیسامبەری ٢٠٢٤) ئەفشین ساعیدی، هێمن بەهرامی، سۆران ئەرشەد و کاوه ئوستوار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کران.
سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانی ئەم دوازدە هاووڵاتییە، تا ئێستا بەرپرسانی ئەمنی و دادوەریی پێوەندیدار ئامادە نەبوون لەسەر بارودۆخی هەنووکەیان هیچ ڕوونکردنەوەیەک بەو بنەماڵانە بدەن.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرماوەزی ١٤٠٣دا (نۆڤامبەر و دیسامبەری ٢٠٢٤) لانیکەم ٤٠ هاووڵاتی و چالاکی کورد، لەوانە دوو منداڵی ١٤ و ١٧ ساڵان، لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کرماشان بە هۆکاری سیاسی لە لایەن دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر کران. لە کۆی ئەم کەسانە دوو کەسیان بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون، بەڵام ئەوانی دیکە هێشتا هەر دەستبەسەرن و لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی هەندێکیان تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.