دوازدە هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئەمین بازیان، خالید مەحموودیان، جەمال شێخەپوور و ئەفشین خەلیفەزادە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شارەکانی پیرانشار، سەردەشت و مەهاباد دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری ورمێ.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٩ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٢٩ی دیسامبەری ٢٠٢٤) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە گوندی «قومقەڵا»ی مەهاباد هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکانی دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی جەمال شێخەپوور و ئەفشین خەلیفەزادە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کردن.
لە درێژەی ئەم دەستبەسەرکردنانەدا، ڕۆژی شەممە ٨ی بەفرانبار (٢٨ی دیسامبەر) خالید محەممەدیان، هاووڵاتیی خەڵکی ڕەبەتی سەردەشت، لە ماڵەکەی خۆی لەم شارۆچکەیەدا و بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
هەروەها ڕۆژی هەینی ٧ی بەفرانبار (٢٧ی دیسامبەر) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە پیرانشار هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەمین بازیان و دوای شکاندنی دەرگای ماڵەکە ئەم هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کرد.
ئەم چوار هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکران ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کراون و تا ئێستا لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کراون.
لە چەند حەفتەی ڕابردوودا بە دەیان هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگە ناوەندییەکانی ئەم دوو دەزگا ئەمنییە لە شارەکانی کرماشان، سنە و ورمێ. زۆربەی ئەم کەسانە تا ئێستایش بەبێ ڕەچاوکردنی مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر لەم دەستبەسەرگە ئەمنیانەدا ڕاگیراون و لەسەر دوایین بارودۆخیان هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.