کووروش عەزیزی، ڕەحمان تابش و هێدی شادیخاە، هاووڵاتیانی خەڵکی شنۆ، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری ورمێ.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٣٠ی دیسامبەری ٢٠٢٤) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شنۆ بەبێ مۆڵەتی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکانی دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی ڕەحمان تابش، زیندانیی سیاسیی پێشوو و هێدی شادیخاە و دوای پشکنینی ماڵەکان و دەستگرتن بەسەر هەندێ کەلوپەلی کەسیی ناو ماڵەکاندا، ئەم هاووڵاتیانەیان دەستبەسەر کردووە.
لە درێژەی ئەم دەستبەسەرکردنانەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٢٩ی دیسامبەری ٢٠٢٤) هەمان ئەو هێزانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی زیندانیی سیاسیی پێشوو ڕەحمان تابش و دەستبەسەریان کردووە.
ڕەحمان تابش پێشتریش لە پووشپەڕی ١٣٩٩دا (ژوەنی ٢٠٢٠) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شنۆ دەستبەسەر کرابوو و ڕۆژی ٣ی ڕەزبەری هەمان ساڵ (٢٤ی سێپتامبەری ٢٠٢٠) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو. ئەم هاووڵاتییە کوردە ماوەیەک دواتر لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی شنۆوە بە هەندێ تۆمەتی وەک «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا بە گشتی سزای ٤ ساڵ و ٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا. لە ڕەشەمەی ١٣٩٩دا (فێبرییەی ٢٠٢١) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا و لە ڕێبەندانی ١٤٠١دا (فێبرییەی ٢٠٢٣) دوای ڕاگەیاندنی لێخۆشبوونی گشتیی دەزگای دادوەری لە زیندان ئازاد کرا.
کووروش عەزیزییش پێشتر لە گەلاوێژی ١٣٩٧دا (ئاگۆستی ٢٠١٨) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شنۆ دەستبەسەر کرابوو و دوای ٦ حەفتە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو. ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ڕێبەندانی ١٣٩٧دا (فێبرییەی ٢٠١٩) لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا و سزاکە لە دادگای پیاچوونەوەدا گۆڕدرا بۆ ٣ ساڵ بەندکران. لە ١ی بەفرانباری ١٣٩٨دا () بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرا و لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (دیسامبەری ٢٠٢٠) بە شێوەی ئازادیی مەرجدار لە زیندان ئازاد کرا.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستا لانیکەم ١٩ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارەکانی بۆکان، شنۆ، پیرانشار، مەهاباد و کرماشان لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەکانی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شارەکانی ورمێ و کرماشان.