لە ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم ٧ هاووڵاتیی دیکە، لەوانە سێ منداڵ، بە ناوەکانی ڕزگار مەولوودی، کامیار ئیزەدی، هێمن شا‌محەممەدی، خالید بەکری، محەممەد بەکری، ئەمین جانگوڵی و محەممەد عەفیدی، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شارەکانی مەهاباد و شنۆ دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری ورمێ.

هاوکات هەر لەم ڕۆژانەی دواییدا دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی عەبدوڵڵا قولیزادە و هێمن قولیزادەی کوڕی کە ناوەڕاستی سەرماوەزی ١٤٠٣ (سەرەتای دیسامبەری ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرابوون، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی سێشەممە ١١ی بەفرانباری ١٤٠٢ (٣١ی دیسامبەری ٢٠٢٤) دوو منداڵی ١٧ ساڵان بە ناوەکانی ڕزگار مەولوودی و کامیار ئیزەدی لەگەڵ محەممەد عەفیدیدا کە خەڵکی گوندی «سەهۆڵان»ی مەهابادە، دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کراون.

لە درێژەی ئەم دەستبەسەرکردنانەدا، ڕۆژانی ٩ و ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٢٩ و ٣٠ی دیسامبەری ٢٠٢٤) دوو برای خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی خالید بەکری و محەممەد بەکری لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری ورمێ.

هەروەها لە ڕۆژانی ٧ و ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٣یشدا (٢٧ و ٣٠ی دیسامبەری ٢٠٢٤) منداڵێکی ١٧ ساڵان بە ناوی هێمن شامحمەممەدی و ئەمین جانگوڵی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شنۆ دەستبەسەر کران.

ئەم هاووڵاتیانە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراون و تا ئێستا لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کراون.

لەم ڕۆژانەی دواییدا و سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانی ئەم هاووڵاتیانە، تا ئێستا بەرپرسانی ئەمنی و دادوەریی پێوەندیدار ئامادە نەبوون لەسەر بارودۆخی هەنووکەیان هیچ ڕوونکردنەوەیەک بەو بنەماڵانە بدەن.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستا لانیکەم ٢٨ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارەکانی بۆکان، شنۆ، پیرانشار، مەهاباد و کرماشان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکان لە شارەکانی ورمێ و کرماشان.