کەیوان ڕەشۆزادە، زیندانیی سیاسیی پێشوو کە ڕەزبەری ئەمساڵ (نۆڤامبەری ٢٠٢٤) دوای ٥ ساڵ بەندکران لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرابوو، لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی ١ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٢١ی دیسامبەری ٢٠٢٤) هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە لە شاری ورمێ و پاش ئەوەی دەستبەسەریان کردووە، گواستوویانەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە لەو شارەدا.

کەیوان ڕەشۆزادە لە ڕۆژانی ڕابردوو و لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ورمێوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کراوە. هەروەها ڕایشیگەیاندووە کە لە ماوەی دەستبەسەربوون لەم دەستبەسەرگە ئەمنییەدا بە سەختی ئەشکەنجە دراوە، بە جۆرێک کە ئاسەواری ئەشکەنجەکان تا ئێستایش بەسەر لەشیەوە ماوەتەوە. کەچی سەرەڕای ئەمانەیش بەرپرسانی زیندان مۆڵەتی سەردانکردنی نەخۆشخانەکەی زیندانیان پێ نەداوە.

دەوترێت ئەم زیندانییە سیاسییە دوای ئازادبوون چەندین جار لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بانگهێشت کراوە و لێپرسەوە ئەمنییەکان خستوویانەتە ژێر گوشار و تەنانەت لێدانەوە تاکوو هاوکارییان بکات. دوای ئەوەیش کە داواکاریی لێپرسەوەکانی ڕەت کردووەتەوە هەڕەشەیان لێ کردووە و وتوویانە «مافی مانەوە لە ئێرانت نییە و دەبێ بە زووترین کات ئێران بەجێ بهێڵیت».

 

پێشینەی دەستبەسەرکردن و بەندکرانی کەیوان ڕەشۆزادە:

کەیوان ڕەشۆزادە، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ، ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨ (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) لەگەڵ سێ هاووڵاتیی کوردی دیکەدا بە ناوەکانی ئومید سەعیدی، کامران قاسمی و نایب (مەسعوود) حاجیزادە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ورمێ دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەلمێهدیی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ورمێ.

 ئەم کەسانە دوای مانگێک دەستبەسەربوون گوازرانەوە بۆ بەندی لاوانی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە و دوای ساڵێک مانەوە لە دۆخی هەڵپەسێردراوی و لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٠) لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شێخلوو بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێراندا، هەرکامە سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانیان بەسەردا سەپا.

حوکمەکەی کەیوان دوای پێشکەشکردنی داوای «قبووڵکردنی بڕیار» و بەپێی یاسا کەم کرایەوە بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران. ئەم زیندانییە سیاسییە لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (دیسامبەری ٢٠٢٠) لەگەڵ ئومید سەعیدیدا، وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست نادیاربوونی چارەنووسیان و گوشارەکانی نووسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعات و جێبەجێنەکردنی یاسای جیاکردنەوەی زیندانیان لە بەندی لاوانی زیندانی ناوەندیی ورمێدا، بۆ ماوەی حەفتەیەک مانگرتنی وشک لە خواردنی ئەنجام دا.

هەروەها لە جۆزەردانی ١٤٠١دا (ژوەنی ٢٠٢٢) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست دژایەتیکردنی بەرپرسانی زیندان و ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لەگەڵ داواکارییەکەیدا بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی، لێوەکانی دوورییەوە و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک مانی لە خواردن گرت. لە دواهەم حاڵەتی مانگرتن لە خواردن و لە ڕێکەوتی ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣دا (١٧ی ئاوریلی ٢٠٢٤) وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر ئەشکەنجەدران لە لایەن هێزەکانی زیندانەوە و  ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەی بۆ پێدانی ئازادیی مەرجدار لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت.

نازدار ڕوودساز، دایکی ئەم زیندانییە سیاسییە، لە یازدەیەم ڕۆژی مانگرتنی کوڕەکەی و لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە دۆخی تەندروستیی کوڕەکەی، ڕایگەیاندبوو کە کەیوان بە کەلەبچە و پێبەندەوە لە لایەن هێزەکانی گاردی زیندانەوە ئەشکەنجە دراوە.