سووسەن ڕازانی، سەیدخالید حسەینی، ئێقباڵ شەبانی، فەردین میرەکی، فەرشید عەبدوڵڵاهی، شەیس ئەمانی و جەمال ئەسەدی، حەوت چالاکی کارێکاری و مەدەنیی خەڵکی سنە، دوای بانگهێشتکران بۆ بەردەم لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەری گشتی و شۆڕشی سنە و ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەت، بە دانانی کەفالەت و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم حەوت چالاکە مەدەنی و کارێکارییە ڕۆژی ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) بەپێی بانگهێشتنامەیەک لە لایەن لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەری گشتی و شۆڕشی سنەوە بانگهێشت کرابوون.

ئەم چالاکە کوردانە ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی بەفرانبار (٥ی ژانڤییە) چوونەتە بەردەم ئەو لقەی لێپرسینەوەی دادسەرا و مێهران ڕەمەزانی، سەرۆکی دادگاکە، تۆمەتی «شێواندنی ڕای گشتی» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت»ی ڕووبەڕوو کردوونەتەوە و پاشان بە وەرگرتنی کەفالەت و بە شێوەی کاتی بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەر کردوون.

ئەو دادگایە بەشداریکردنی ئەم هاووڵاتیانەی لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی دایکێکی دادخوازی شاری سنەدا وەک بەڵگەی ئەو تۆمەتانە ڕاگەیاندووە.

فەرشید عەبدوڵڵاهی، باوکی هوومەن عەبدوڵڵاهی لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادییە و سووسەن ڕازانی، سەیدخالید حسەینی، ئێقباڵ شەبانی، فەردین میرەکی، شەیس ئەمانی و جەمال ئەسەدییش لە چالاکانی کرێکاریی خەڵکی سنەن.