ئیبراهیم گوڵعەنبەر، برای ئیسماعیل گوڵعەنبەر لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە جوانڕۆ، لەگەڵ حەسەن حەسەنزادەی خەزووریدا تا ئێستایش لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشاندا دەستبەسەرن. ئەم دوو هاووڵاتییە ڕۆژی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٢٥ی دیسامبەری ٢٠٢٤) لە شارەکانی جوانڕۆ و کرماشان لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دوای تێپەڕینی ١٢ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنیان، ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە تا ئێستایش لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کراون.

ئیبراهیم گوڵعەنبەر ڕۆژی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٢٥ی دیسامبەری ٢٠٢٤) لە کاتی گەڕانەوەدا لە تاران لە نزیک شاری بێستوون لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان. هاوکات حەسەن حەسەنزادەی خەزووریشی کە دانیشتووی گوندی «چەمەنزار»ی جوانڕۆیە، هەمان ڕۆژ بانگهێشت کرا بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی جوانڕۆ و دەستبەسەر کرا.

ئەم هاووڵاتیانە دوای دەستبەسەرکران ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان لە مەیدانی نەفتی ئەم شارە کران. سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانی ئەم هاووڵاتیانە، تا ئێستا بەرپرسانی ئەمنی و دادوەریی پێوەندیدار ئامادە نەبوون لەسەر بارودۆخی هەنووکەیان هیچ ڕوونکردنەوەیەک بەو بنەماڵانە بدەن.

ئیسماعیل گوڵعەنبەر ڕۆژی ٣٠ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (٢١ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە شاری جوانڕۆ بە دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانی بەخت کرد و تەرمەکەی دوای گوازرانەوە بۆ ناوەندێکی سوپای پاسداران لە کرماشان ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.