سیروان پەروێزی، بلاگەر و تارۆزنووسی خەڵکی ئیلام، دوای دوو ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا، هاوکات لاپەڕەی ئینستاگرامەکەیشی بە دەستووری دادوەر داخرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، سیروان پەروێزی بە هۆی بەڕێوەبردنی لاپەڕەیەکی گشتیی ئینستاگرامەوە و دروستکردن و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی تارۆز سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٥ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ئیلام دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە.

ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ڕابردوو دوای ڕۆژێک لێپرسینەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا و ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٧ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

هاوکات لەگەڵ ئازادکردنی ئەم هاووڵاتییەدا، بەرپرسانی دەزگای دادوەری لاپەڕەی ئینستاگرامەکەیان داخستووە. لە پەیامی سەر لاپەڕە ئینستاگرامییەکەدا ئاوا نووسراوە: «بە دەستووری دادوەر و بە هۆکاری بڵاوکردنەوەی بابەتی تاوانکارانە، ئەم لاپەڕە ئینتەرنێتییە داخراوە و هەموو ئەوانەی دەستیان لە تاوانەکانی ناو دۆسیەکەدا هەبووە ڕووبەڕووی یاسا کراونەتەوە».