ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) ئەفشین حسەینپەناهی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و برای ڕامین حسەینپەناهی، زیندانیی سیاسیی لەسێدارەدراوی کورد، لە شاری سنە و لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) هێزە ئەمنییەکان ئەفشین حسەینپەناهییان بەبێ مۆڵەتی یاسایی و لە شوێنی کارەکەی لە شاری سنە دەستبەسەر کردووە. ئەم هێزانە پاشان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی هەر لەم شارەدا و ماڵەکەیان پشکنیوە.
دەوترێت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەم زیندانییە سیاسییە پێشووە لەڕێی تەلەفۆنەوە بانگهێشتی بەردەم بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.
تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
ئەفشین حسەینپەناهی پێشتریش لە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ١٣٩٦دا (٢٦ی ژوەنی ٢٠١٧) دوای سێ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی براکەی، ڕامین حسەینپەناهی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و لە گەڵاڕێزانی هەمان ساڵدا (نۆڤامبەری ٢٠١٧) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە ڕێگای بەشداریکردنەوە لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆزدا و «هاوکاریکردن و ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» بە گشتی سزای ٨ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
ئەم زیندانییە سیاسییە گوڵانی ١٣٩٩ (ئاوریلی ٢٠٢٠) دوای تێپەڕاندنی نزیکەی ٣ ساڵ بەندکران بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.
ڕامین حسەینپەناهیی برای ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ (٨ی سێپتامبەری ٢٠١٨) لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لە سێدارە درا.