هەشت هاووڵاتیی کوردی سوننە بە ناوەکانی ئارمین مورادی، محەممەد عەزیزی، محەممەد یووسفی، یووسف ئەلیاسی، حامید ئەلیاسی، یووسف نەیریزی، کۆمار نادری و عومەر بابایی لە شارەکانی کرماشان و سەرپێڵی زەهاو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکان ئارمین مورادی، محەممەد عەزیزی و محەممەد یووسفییان لە شەقامێکی شاری کرماشاندا دەستبەسەر کردووە. لە درێژەی ئەم دەستبەسەرکردنانەدا، هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران یووسف ئەلیاسی، حامید ئەلیاسی، یووسف نەیریزی، کۆمار نادری و عومەر باباییان لە شاری سەرپێڵی زەهاو دەستبەسەر کردووە و گواستوونیانەوە بۆ دەستبەسەرگەی سوپای نەبیی ئەکرەم لە شاری کرماشان.
پێش لەمەیش، لە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣دا (١٥ی دیسامبەری ٢٠٢٤)، هێمن پاڵانی، پوویا دڵجوو، محەممەد دڵجوو، ئاریام ئەحمەدی، پەیام ڕەنجبەر، کاوه سوهرابی، ئەیمەن سەفایی، ئومێد ساڵحی، یووسف ڕەنجبەر و خالید کەمەری بە شێوەی هاوکات لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە ماڵەکانی خۆیان و لە ڕیستۆرانێکی شاری سەرپێڵی زەهاودا بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرابوون و گوازرابوونەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای نەبیی ئەکرەمی کرماشان لە مەیدانی نەفتی ئەم شارەدا.
هەروەها محەممەد نەیریزییش چەند ڕۆژێک دوای دەستبەسەرکردنی ئەم کەسانە لە گوندی «سەراوگەرم»ی سەرپێڵی زەهاو لە لایەن هەمان ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای نەبیی ئەکرەمی کرماشان. ئەم هاووڵاتییە و ئەیمەن سەفایی کە تەمەنی خوار ١٨ ساڵە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.
هەرهەموو ئەم دەستبەسەرکراوانە بە درێژایی ئەو ماوەیە تەنها یەک جار و بە شێوەیەکی کورت لە ڕێی تەلەفۆنەوە پێوەندییان بە بنەماڵەکانیانەوە کردووە و تا ئێستا لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کراون.
داواکاری گشتی و شۆڕشی سەرپێڵی زەهاو ڕۆژی ٢ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٢٢ی دیسامبەری ٢٠٢٤) لە وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکاندا باسی دەستبەسەرکردنی ١٢ هاووڵاتیی خەڵکی ئەم شارەی کردبوو: «دەستبەسەرکراوانی ئەم تۆڕە تەکفیرییە ١٢ کەسن کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگای کۆبوونەوەی شەوانە و ئامادەبوون لە شوێنە گشتییەکانی وەک پارکەکاندا و بە خستنە بەردەستی پێشنیاری جۆراوجۆری ماڵی دەیانویست گەنجانی ئەم ناوچەیە بەرەو گرووپەکان ڕابکێشن».