لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژیان میری، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە و بێهزاد براخاسی، هاووڵاتیی خەڵکی دیواندەرە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار. هەروەها سروە شیری و پەیمان شیری، دوو خوشک و برای خەڵکی بۆکان، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران ڕەوانەی زیندانەکانی بۆکان و ورمێ کراون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی شەممە ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٣ (١١ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) ژیان میری، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی گوندی «تەنگیسەر»ی سنە، لە گەڕەکی «مەسناو»ی ئەم شارەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار. هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) بێهزاد براخاسی لە شەقامێکی شاری دیواندەرەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هەروەها ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٦ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) سروە شیری و پەیمان شیری، دوو خوشک و برای خەڵکی گوندی «تەرەغە»ی بۆکان، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران ڕەوانەی زیندانەکانی بۆکان و ورمێ کراون. ئەم دوو هاووڵاتییە لە سەرماوەزی ئەمساڵدا (دیسامبەری ٢٠٢٤) لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی بۆکاندا بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» دادگایی کران و بەپێی بڕیاری دادگاکە، سروە شیری سزای ٨ مانگ بەندکران و پەیمان شیرییش سزای ٦ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپا.
ئەم دوو هاووڵاتییە پێشتر، لە ڕێکەوتی ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣دا (٢٥ی سێپتامبەری ٢٠٢٤)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە گوندی «تەرەغە» دەستبەسەر کرابوون و گوازرابوونەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و دوای چەند حەفتەیەک دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای بەفرانباری ئەمساڵەوە تا ئێستا، لانیکەم ٤٢ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا، لەوانە شنۆ، ئیلام، پیرانشار، بۆکان، مەهاباد، سنە، دیواندەره، سەرپێڵیزەهاو و کرماشان، لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.