لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئیبراهیم گوڵعەنبەر و حەسەن حەسەنزادە، دوو هاووڵاتیی خەڵکی جوانڕۆ و ڕزگار مەولوودی و کامیار ئیزەدی، دوو منداڵی خەڵکی مەهاباد کە لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانەکانی دیزڵئاوای کرماشان و کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی ورمێ (چاکسازیی منداڵان) ئازاد کران.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٣ (١٢ ژانڤییەی ٢٠٢٥) گەلاوێژ محەممەدیئەرشەد، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، دوای بانگهێشتکران بۆ نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئەم شارە دەستبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٤ مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٣ (١٢ ژانڤییەی ٢٠٢٥) ڕزگار مەولوودی و کامیار ئیزەدی، دوو منداڵی ١٧ ساڵانی خەڵکی گوندی «سەهۆڵان»ی مەهاباد، دوای ١٣ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی ورمێ (چاکسازیی منداڵان) ئازاد کران.
ئەم دوو منداڵە ڕۆژی ١١ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٣١ی دیسامبەری ٢٠٢٤) دوای بانگهێشتکرانی تەلەفۆنی بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەر کرابوون و گوازرابوونەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.
هاوکات گەلاوێژ محەممەدیئەرشەد، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد کە پێشتر لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەجاد دووستی بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ٤ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە بانگهێشت کرا و دوای دەستبەسەرکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.
ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و ڕۆژی ٦ی خەرمانانی ١٤٠٣ (٢٧ی ئاگۆستی ١٤٠٣) بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.
هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئیبراهیم گوڵعەنبەر، ئەندامی بنەماڵەی دادخوازان و حەسەن حەسەنزادە، هاووڵاتیی خەڵکی جوانڕۆ کە ڕۆژی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٢٥ی دیسامبەری ٢٠٢٤) لە شارەکانی جوانڕۆ و کرماشان لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان ئازاد کران.
ئیبراهیم گوڵعەنبەر، برای ئیسماعیل گوڵعەنبەر لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە جوانڕۆ، ڕۆژی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٢٥ی دیسامبەری ٢٠٢٤) لە کاتی گەڕانەوەدا لە تاران لە نزیک شاری بێستوون لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی مەیدانی نەفتی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان. هاوکات حەسەن حەسەنزادەی خەزووریشی کە دانیشتووی گوندی «چەمەنزار»ی جوانڕۆیە، هەمان ڕۆژ بانگهێشت کرا بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی جوانڕۆ و دەستبەسەر کرا.
ئەم دوو هاووڵاتییە دوای چەند حەفتەیەک لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان ناسراو بە مەیدانی نەفت، ڕەوانەی زیندانی دیزڵئاوای کرماشان کرابوون.