ئایدا عەموویی، چالاکی مەدەنی و ئەسعەد غەفووری، مامۆستای زانکۆ و لە بەڕێوەبەرانی گرووپی تێلێگرامیی «ڕێگریکردن لە لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی» لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی شەممە ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٣ (١٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) ئایدا عەموویی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە، بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شوێنی کارەکەی لە شاری سنە دەستبەسەر کراوە. ئەم هاووڵاتییە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن کاربەدەستانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بە تەلەفۆن هەڕەشەی لێ کرابوو.
هاوکات ئەسعەد غەفووری، مامۆستای زانکۆ و لە بەڕێوەبەرانی گرووپی تێلێگرامیی «ڕێگریکردن لە لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی» هەر لەم شارەدا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
دوابەدوای دەستبەسەرکردنی ئەم چاکە مەدەنییە، هێزە ئەمنییەکان ناوی گرووپی تێلێگرامیی کەمپەینەکەیشیان گۆڕیوە. لە چەند حەفتەی ڕابردوودا و دوابەدای دەستبەکاربوونی کەمپەینێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، زیاتر لە ٩ هەزار واژۆ لە لایەن ئەم کەمپەینەوە کۆ کراوەتەوە.
تا ئێستە لەسەر تۆمەتەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەم چالاکە مەدەنیانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.