شەش هاووڵاتی و چالاکی کوردی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی ئەنوەر ئیبراهیمی، موراد ئوستوار، نیعمەت ئەحمەدنژاد، محەممەد سوهرابی، فەردین مەحموودی و هیوا شوجاعی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٠ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە پیرانشار هەڵیانکوتایە سەر شوێنی کاری محەممەد سوهرابی، لە دەستبەسەرکەاوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازاد و فەردین مەحموودی، چالاکی ژینگەپارێز و بەبێ مۆڵەتی یاسایی ئەم دوو چالاکوانە کوردەیان دەستبەسەر کرد.

ئەم هێزانە دوای دەستبەسەرکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکانیشیان و دوای پشکنین، دەستیان گرتووە بەسەر هەندێ کەلوپەلی کەسیی ئەندامانی بنەماڵەکانیاندا.

لە درێژەی ئەم دەستبەسەرکردنانەدا، هاوکات ئەنوەر ئیبراهیمی، خەڵکی گوندی «زێوە»، موراد ئوستوار، خەڵکی گوندی «پسوێ»، نیعمەت ئەحمەدنژاد، خەڵکی گوندی «لەک‌بن»، دوای هێرشکردنە سەر ماڵەکانیان دەستبەسەر کراون.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی بەفرانباری ١٤٠٣ (١٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) هیوا شوجاعی، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانی ئەم هاووڵاتیانە، تا ئێستا بەرپرسانی ئەمنی و دادوەریی پێوەندیدار ئامادە نەبوون لەسەر بارودۆخی هەنووکەیان هیچ ڕوونکردنەوەیەک بەو بنەماڵانە بدەن.