بنیامین ڕەحیمپوور، زیندانیی سیاسیی پێشوو، لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە شاری سنە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی شەهرامفەری ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢١ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەڵیانکوتاوەتە سەر دووکانەکەی بنیامین ڕەحیمپوور لە شاری سنە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کردووە. ئەو هێزانە دوای دەستگرتن بەسەر کامێرا چاودێرییەکانی دووکانەکەیدا هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەیشی و چەکیان لە بنەماڵەکەی ڕاکێشاوە و کەشێکی تۆقێنەریان بۆ دروست کردوون، پاشان دەستیان گرتووە بەسەر کۆمەڵێ کەلوپەلی کەسیی دیکەیشیدا.
بنیامین ڕەحیمپوور پێشتر و لە ڕێکەوتی ١٤ی گوڵانی ١٣٩٩دا (٣ی مەیی ٢٠٢٠) لەگەڵ تاریق ڕەحیمپووری برایدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای چەند حەفتەیەک بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو. دواتریش لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا سزای ٦ مانگ بەندکران و ١٨ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپا و لە ڕێبەندانی ١٤٠١دا (ژانڤییەی ٢٠٢٣) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی زیندان کرا.