شەش هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار و سەردەشت بە ناوەکانی جێگر موجاهیدی، کەیوان ئەساسه، فەرهاد پله، ڕەحیم عەلیزاده، حەسەن حەسەننژاد و محەممەدئەمین حەسەننژاد لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢١ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) حەسەن حەسەننژاد و کوڕەکەی محەممەدئەمین حەسەننژاد، دانیشتووی گوندی «سیسەر»ی سەردەشت، بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شارۆچکەی ڕەبەت دەستبەسەر کران. هێزە ئەمنییەکان پاش دەستبەسەرکردنیان ئەم دوو هاووڵاتییەیان بردووەتەوە بۆ ماڵەکەی خۆیان لە گوندی سیسەر و دوای پشکنینی ماڵەکە دەستیان گرتووە بەسەر هەندێ کەلوپەلی کەسیی بنەماڵەکەیاندا.
هاوکات ڕەحیم عەلیزادە، هاووڵاتیی خەڵکی سەردەشت، لە شوێنی کارەکەیدا لەم شارە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.
لە درێژەی دەستبەسەرکردنەکاندا، کەیوان ئەساسه و فەرهاد پله ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندان (٢١ی ژانڤییە) و جێگر موجاهیدییش ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندان (٢٠ی ژانڤییە) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە پیرانشار دەستبەسەر کران.
تا ئێستا لەسەر چارەنووس و تۆمەتەکانی ئەم هاووڵاتیانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.