ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) هاوکات لەگەڵ مانگرتنی گشتیی کاسبکاران و بازاڕیان لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا دژ بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و زیندانییە سیاسییە کوردەکانی تردا، لانیکەم شەش هاووڵاتیی خەڵکی سنە بە ناوەکانی محەممەد سەیفپەناهی، سینا ڕەزایی، ئەمجەد گریاخیز، نەعیم دووستی، ئومێد محەممەدی و محەممەد ئەتڵەسی بە هۆی بەشداریکردنەوە لەم مانگرتنەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) هاوکات لەگەڵ مانگرتنی گشتی لە چەندین شاری کوردستاندا، بەشێکی بەرچاو لە بازاڕیان و کاسبکارانی سنەیش دووکانەکانیان داخست و بەشدارییان لە مانگرتنەکەدا کرد. هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکان کە بە ناو شەقامەکانی شاردا بڵاوەیان پێ کرابوو، بە شێوەیەکی توندوتیژ لانیکەم شەش کاسبکاری ئەم شارەیان بە ناوەکانی محەممەد سەیفپەناهی، سینا ڕەزایی، ئەمجەد گریاخیز، نەعیم دووستی، ئومێد محەممەدی و محەممەد ئەتڵەسی دەستبەسەر کرد و گواستنیانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

دەوترێت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دامودەزگا ئەمنییەکان لە شارە جیاوازەکاندا و بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی مانگرتنەکە، نوێنەرانی پیشە جیاوازەکانی کاسبکارانیان بانگهێشت و هەڕەشەیان لێ کردبوون ئەگەر بێت و بەشداری لەو چالاکییەدا بکەن شوێنی کارەکانیان دادخرێن و سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار دەکرێت.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاو کراونەتەوە، لە کاتی بەڕێوەچوونی مانگرتنەکە لە شارەکانی سەقز و دیواندەرەدا، هێزە ئەمنییەکان نیشانیان لەسەر کۆمەڵێک دووکان داناوە و ژمارەیەکی زۆریشیان پۆلۆمپ کردوون.

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) دوابەدوای بڵاوبوونەوەی بانگەوازێک لە لایەن حیزبە سیاسییەکانی کوردستانەوە بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتنێکی جەماوەری دژ بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و زیندانییە سیاسییە کوردەکانی تردا، مانگرتن و ناڕەزایی مەدەنی لە چەندین شاری کوردستاندا بەڕێوە چوو.