میلاد ڕەندانی و نەریمان ڕەندانی، دوو برای خەڵکی سەقز، هەروەها ئاوارە شەخسی، هاووڵاتیی خەڵکی سەردەشت، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لەم دوو شارەدا دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنی نادیار.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی میلاد ڕەندانی چالاکی مەدەنی و وێنەگری خەڵکی سەقز و دوای دەستگرتن بەسەر میمۆریی کامێرا چاودێرییەکانی دووکانەکەیدا خۆیشیان دەستبەسەر کردووە. هەروەها نەریمان ڕەندانیی برایشی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.
دەوترێت هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەم دوو برایە دەگەڕێتەوە بۆ مانگرتنە گشتییەکەی ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان (٢٢ی ژانڤییە) کە لە شارەکانی کوردستاندا دژ بە سزای لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی بەڕێوە چوو.
لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورددا، ئاوارە شەخسی، هاووڵاتیی خەڵکی شارۆچکەی ڕەبەتی سەردەشتیش لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شەقامێکی ئەم شارەدا دەستبەسەر کرا و گوازراوەیە بۆ شوێنێکی نادیار.