جەلیل محەممەدی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات. هاوکات دوو چالاکی کرێکاریی دیکە بە ناوەکانی فەرانەک ڕەفیعی و ڕەفیق کەریمی بانگهێشتی بەردەم بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کران و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر خرانە بەر لێپرسینەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی جەلیل محەممەدی لە شاری سنە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کردووە.
ئەم چالاکە کرێکارییە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بە هۆی چالاکییە پیشەیی و کرێکارییەکانیەوە لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کراوە.
هاوکات فەرانەک ڕەفیعی، چالاکی کرێکاری و لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» و ڕەفیق کەریمی، چالاکی کرێکاری، بانگهێشتی بەردەم بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کران و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر خرانە بەر لێپرسینەوە.
دەوترێت هۆکاری دەستبەسەرکردن و بانگهێشتکردنی ئەم هاووڵاتیانە دەگەڕێتەوە بۆ مانگرتنە گشتییەکەی ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان (٢٢ی ژانڤییە) کە لە شارەکانی کوردستاندا دژ بە سزای لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی بەڕێوە چوو.