کارۆ عەلیداد، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی مەریوان و کەمال ئاخرەتی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم دوو شارەدا دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) کەمال ئاخرەتی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە، لە شوێنی کارەکەی خۆیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرا.

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکانی ئەم دواییانە لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) کارۆ عەلیداد، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی مەریوان، لە شوێنی کارەکەیدا لە پاساژی مەولەویی ئەم شارە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بە گوێرەی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، تەنها لە یەک حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٢٧ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارەکانی سنە، پیرانشار، سەردەشت، سەقز و مەریوان لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.

زیاترین هۆکاری دەستبەسەرکردنەکان دەگەڕێتەوە بۆ مانگرتنی گشتی و دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر زیندانیانی سیاسیی کوردستاندا.