دوای تێپەڕینی حەوت ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی پەروین ئەدوایی، چالاکی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشوو کە دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستبەسەر کرابوو، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم چالاکە مەدەنییە ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٠ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) دوای سەردانکردنی بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ئەم ژنە چالاکە لە کاتی دەستبەسەرکردنەوە لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کراوە و هیچ وردەکارییەک لەسەر تۆمەتەکانی ڕوون نەکراوەتەوە.
پەروین ئەدوایی پێشتریش لە ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژی ١٣٩٨دا (٢٧ی جولایی ٢٠١٩) دوای هێرشکردنی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی لە مەریوان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و دوای دوو مانگ لێپرسینەوە لەم دەستبەسەرگە ئەمنییەدا ڕەوانەی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە (چاکسازیی ژنان) کرا، ڕۆژی ٢ی گەڵارێزانی ١٣٩٨یش (٢٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە دواتر لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەریوانەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە لە دادگای پیاچوونەوەدا گۆڕدرا بۆ ساڵێک بەندکران و لە خاکەلێوەی ١٣٩٩دا (ئاوریلی ٢٠٢٠) دوابەدوای ڕاگەیاندنی لێخۆشبوونی دەزگای دادوەری بە بۆنەی نەورۆزەوە لە زیندان ئازاد کرا.
ئەم چالاکە مەدەنییە لەم ساڵانەی دواییدا لە بواری مافەکانی ژنان، منداڵان و ژینگەپارێزیدا لە مەریوان چالاک بووە. هەروەها لە دۆسیەی ئازاردانی سێکسیی منداڵێکدا لە گوندی «سلێن»ی هەورامان دەورێکی بەرچاوی هەبوو.