پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ناسر ئەحمەدزاده، زاگرۆس ڕەسوولی، پارسا ڕەحیمی، فەرزاد حەمیدی و ئەفشین موستەفاپوور لە شارەکانی مەهاباد، سنە و نەغەدە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەکانی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شارەکانی سنە و ورمێ.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٦ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناسر ئەحمەدزادە لە شاری مەهاباد و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کردووە.

هەر لەم ڕۆژەدا هەمان ئەو هێزانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی چالاکێکی ژینگەپارێزی خەڵکی مەهاباد بە ناوی زاگرۆس ڕەسوولی و دەستبەسەریان کردووە.

هەروەها ڕۆژی شەممە ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣یش (٢٥ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) ئەفشین موستەفاپوور، هاووڵاتیی خەڵکی نەغەدە، دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە و فەرزاد حەمیدی، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران، لە ماڵەکەی خۆیدا بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.

بەدەر لەم کەسانە، ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانیش (٢٢ی ژانڤییە) دووکاندارێکی خەڵکی سنە بە ناوی پارسا ڕەحیمی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

دەوترێت هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتیانە دەگەڕێتەوە بۆ مانگرتنی گشتی و دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و زیندانییە سیاسییە کوردەکانی تردا.