لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم حەوت هاووڵاتی و چالاکی کورد بە ناوەکانی حەسەن خەلیلی، محەممەد ڕەمەزانی، سادق کوردی، فەرهاد زەندی، مێهدی جەوانمەردی، چیاکۆ قوربه و مەنسوور مەولوودپووری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی سەردەشت، مەهاباد، پیرانشار، سنە و دێولان دەستبەسەر کراون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٧ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) فەرهاد زەندی و مێهدی جەوانمەردی، دوو چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولان، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هاوکات چیاکۆ قوربە، هاووڵاتیی خەڵکی سنە، لە کافەیەکی ئەم شارەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراوە.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٦ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) محەممەد ڕەمەزانی، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی مەهاباد، هەر لەم شارەدا دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
لە درێژەی ئەم شەپۆلی دەستبەسەرکردنانە و لە هەمان ڕۆژدا، حەسەن خەلیلی، مامۆستای خانەنشین و چالاکی مەدەنیی خەڵکی سەردەشت، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی لەم شارەدا دەستبەسەر کراوە و دوای دوو ڕۆژ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا ئازاد کراوە.
ڕۆژی شەممە ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣یش (٢٥ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) مەنسوور مەولوودپووری، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە شوێنی کارەکەیدا دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
دەوترێت هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتی و چالاکوانە کوردانە دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەچوونی مانگرتنە گشتییەکەی ڕۆژی ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا دژ بە سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی.