پێنج هاووڵاتی و چالاکی کورد بە ناوەکانی مەحیەدین خالیدیان، وەهاب خەدیریپوور، ڕەحمان ڕەحیمپوور، جەلال پەرهیزکار و سەروەر حەمەنازدار لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شارەکانی مەهاباد، سەقز و سنە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی سنە و ورمێ.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری سنە هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کارەکەی مەحیەدین خالیدیان و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کردووە. پاشان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەیشی و بێڕێزییەکی زۆریان بە ئەندامانی بنەماڵەکەی کردووە و دەستیان گرتووە بەسەر هەندێ کەلوپەلی کەسی و وێنەکانی بێریتان سنەی کچیاندا کە ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (پکک) بوو و ساڵی ١٤٠١ (٢٠٢٢) بە بۆردومانی فڕۆکەکانی ئەرتەشی تورکیا گیانی بەخت کرد.
لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکاندا، وەهاب خەدیریپووریش دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەر کرا. وەهاب ئامۆزای شەماڵ خەدیریپوورە کە لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە مەهاباد گیانی بەخت کرد. هەروەها برایەکیشی بە ناوی سوهراب خەدیریپوور کە ئەندامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بوو، ساڵی ١٤٠٠ (٢٠٢١) لە تێکهەڵچوونێک لەگەڵ هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێراندا گیانی بەخت کرد.
هاوکات ڕەحمان ڕەحیمپوور، زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی سەقز، هەمان ڕۆژ لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ ماڵەوە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا. ئەو هێزانە پاش دەستبەسەرکردنی ڕەحمان ڕەحیمپوور هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەیشی و دەستیان بەسەر کۆمەڵێ کەلوپەلدا گرت، لەوانە مۆبایل و تابلێتی ئەندامانی بنەماڵەکەی.
ڕەحمان ڕەحیمپوور پێشتریش، لە ڕێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژی ١٣٩٩دا (١٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٠)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سەقز دەستبەسەر و دوای چەند حەفتەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو. لە سەرماوەزی هەمان ساڵیشدا (دیسامبەری ٢٠٢٠) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقزەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ١٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا و لە پووشپەڕی ١٤٠٠دا (جولایی ٢٠٢١) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی زیندانی سەقز کرا.
هەر لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەروەر حەمەنازدار و جەلال پەرهیزکار، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «حاجی عەلیکەند»ی مەهاباد، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکانی خۆیاندا دەستبەسەر کران.
لەم حەفتانەی ڕابردوودا دەیان هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کراون. دەوترێت هۆکاری دەستبەسەرکردنی زۆربەی ئەم هاووڵاتی و چالاکوانە کوردانە دەگەڕێتەوە بۆ مانگرتنە گشتییەکەی ڕۆژی ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا کە دژ بە سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی بەڕێوە چوو.