لەم حەفتانەی ڕابردوودا ٢١ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی هێمن پاڵانی، پوویا دڵجوو، محەممەد دڵجوو، یووسف ڕەنجبەر، خالید کەمەری، کاوه سوهرابی، ئومید ساڵحی، محەممەد نەیریزی، یووسف نەیریزی، ئەیمەن سەفایی، سوهەیب حەیدەری، حامید ئەلیاسی، عومەر بابایی، مەیسەم پاڵانی، کۆمار نادری، یووسف ئەلیاسی، ئاریام ئەحمەدی، محەممەد عەزیزی، محەممەد یووسفی، ئارمین مورادی و عیرفان مورادی کە پێشتر لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە شارەکانی سەرپێڵی زەهاو و کرماشان دەستبەسەر کرابوون، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە کانوونی ئیسڵاح و تەربیەت (چاکسازیی منداڵان) و زیندانی دیزڵئاوای کرماشان ئازاد کراون.

هاوکات پەیام ڕەنجەر، هاووڵاتیی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو کە بە هەمان شێوە لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوو، تا ئێستایش لە دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە لە سەربازگەی نەبیی ئەکرەمی کرماشاندا دەستبەسەرە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا سەبارەت بە دوایین بارودۆخی دەستبەسەرکراوان وتی: «لە کۆتایی سەرماوەز و سەرەتای بەفرانباری ئەمساڵەوە (دیسامبەری ٢٠٢٤) لانیکەم ٢٢ هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە شارەکانی سەرپێڵی زەهاو و کرماشان دەستبەسەر کران. ئەم هاووڵاتیانە دوای دەستبەسەرکران گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئەم دوو دەزگایە لە مەیدانی نەفت و سوپای نەبیی ئەکرەمی کرماشان و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرانە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لە نێو دەستبەسەرکراواندا، محەممەد نەیریزی و ئەیمەن سەفایی کە بە منداڵ دێنە ئەژمار، هەردووکیان لە ناوەڕاستی بەفرانباردا (سەرەتای ژانڤییەی ٢٠٢٥) بە دانانی بارمتە ئازاد کران. هاوکات چەندین هاووڵاتیی دیکەیش لە گوندەکانی شاری سەرپێڵی زەهاو دەستبەسەر کراون بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ناسنامەیان بەردەست نەکەوتووە.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «سەرجەم دەستبەسەرکراوان بە هۆی چالاکیی مەزهەبییەوە دەستبەسەر کراون، بەڵام داواکاری گشتیی سەرپێڵ و دامودەزگا ئەمنییەکان بەبێ هیچ بەڵگەیەک وەک لایەنگری گرووپە تەکفیرییەکان ناوزەدیان کردوون».

ڕەوتی دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتیانە لە ٢٥ی سەرماوەزەوە تا ناوەڕاستی بەفرانبار (دیسامبەری ٢٠٢٤  و ژانڤییەی ٢٠٢٥) درێژەی هەبوو و لەو ماوەیەدا ١٩ هاووڵاتیی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو بە ناوەکانی هێمن پاڵانی، پوویا دڵجوو، محەممەد دڵجوو، یووسف ڕەنجبەر، خالید کەمەری، کاوه سوهرابی، ئومید ساڵحی، محەممەد نەیریزی، یووسف نەیریزی، ئەیمەن سەفایی، سوهەیب حەیدەری، حامید ئەلیاسی، عومەر بابایی، مەیسەم پاڵانی، کۆمار نادری، یووسف ئەلیاسی، ئاریام ئەحمەدی، عیرفان مورادی و پەیام ڕەنجبەر لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکان لە شاری کرماشان.

لە بەردەوامیی ئەو ڕەوتە و لە ناوەڕاستی بەفرانباردا (سەرەتای ژانڤییەی ٢٠٢٥) ئارمین مورادی، محەممەد عەزیزی و محەممەد یووسفی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شەقامێکی کرماشاندا دەستبەسەر کران.

چەند کەسێک لەم هاووڵاتیانە، محەممەد نەیریزی، ئەیمەن سەفایی، ئاریام ئەحمەدی و ئومید ساڵحی که تەمەنیان لە خوار ٢٠ ساڵەوەیە، دوای لێپرسینەوەکان کە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لەگەڵ لێدان و ئەشکەنجەدا بوو، گوازرانەوە بۆ کانوونی ئیسڵاح و تەریبەت (چاکسازیی منداڵان) و ئەوانی دیکەش ڕەوانەی زیندانی دیزڵئاوای کرماشان کران.

لە کۆی ئەم کەسانە تەنها پەیام ڕەنجبەر هێشتا هەر لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای نەبیی ئەکرەمی کرماشاندا دەستبەسەرە و ئەوانی دیکەیان بە بارمتەی ١ تا ٥ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کراون.

پەیام ڕەنجبەر، عیرفان مورادی و هێمن پاڵانی پێشتریش، لە ساڵی ١٤٠٢دا (٢٠٢٣)، لە سەرپێڵی زەهاو دەستبەسەر کرابوون و چەند مانگێک لەمەوپێش لە لایەن دادگایەکی ئەم شارەوە سزای ساڵێک بەندکرانیان بۆ دەر چووبوو.