لە درێژەی ڕەوتی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورددا، پێنج هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی بەفرین مەحموودی، هیوا ئەمینی، ئەنوەر کورد، کەیوان نیکنام و عەلی ڕەسوولیان لە شارەکانی بۆکان، سەقز و مەهاباد لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٣٠ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) بەفرین مەحموودی و ئەنوەر کورد، هاووڵاتیانی خەڵکی بۆکان، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری ورمێ.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) هیوا ئەمینی لە سەقز، کەیوان نیکنام لە مەهاباد و عەلی ڕەسوولیان لە بۆکان بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.

سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکان بۆ وەرگرتنی زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەم هاووڵاتیانە، دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەک بەو بنەماڵانە بدەن.

بە گوێرەی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای مانگی ڕێبەندانەوە (لە ٢٠ی ژانڤییەی ٢٠٢٥ـەوە) تا ئێستا لانیکەم ٦٤ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.