دوای تێپەڕینی دوو حەفتە لە دەستبەسەرکردنی پەروین ئەدوایی، چالاکی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشوو، ئەم هاووڵاتییە تا ئێستایش لە ژووری تاکەکەسیی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە (چاکسازیی ژنان)دایە و مۆڵەتی پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەری پێ نەدراوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم چالاکە مەدەنییە لە ماوەی ئەم دوو حەفتەیەدا بە ڕۆژ بۆ لێپرسینەوە دەبرێتە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و شەوانە سەرلەنوێ دەگەڕێنرێتەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەت (چاکسازیی ژنان)ی ئەم شارە.
تا ئێستا لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی پەروین ئەدوایی کراونەتەوە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
پەروین ئەدوایی، چالاکی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشوو، ڕۆژی ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٠ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) دوای دوای بانگهێشتکرانی تەلەفۆنی بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەت (چاکسازیی ژنان)ی سنە.
ئەم ژنەچالاکە پێشتریش لە ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژی ١٣٩٨دا (٢٧ی جولایی ٢٠١٩) دوای هێرشکردنی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی لە مەریوان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و دوای دوو مانگ لێپرسینەوە لەم دەستبەسەرگە ئەمنییەدا ڕەوانەی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە (چاکسازیی ژنان) کرا، ڕۆژی ٢ی گەڵارێزانی ١٣٩٨یش (٢٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە دواتر لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەریوانەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە لە دادگای پیاچوونەوەدا گۆڕدرا بۆ ساڵێک بەندکران و لە خاکەلێوەی ١٣٩٩دا (ئاوریلی ٢٠٢٠) دوابەدوای ڕاگەیاندنی لێخۆشبوونی دەزگای دادوەری بە بۆنەی نەورۆزەوە لە زیندان ئازاد کرا.
ئەم چالاکە مەدەنییە لەم ساڵانەی دواییدا لە بواری مافەکانی ژنان، منداڵان و ژینگەپارێزیدا لە مەریوان چالاک بووە. هەروەها لە دۆسیەی ئازاردانی سێکسیی منداڵێکدا لە گوندی «سلێن»ی هەورامان دەورێکی بەرچاوی هەبوو.